بسم الله الرحمن الرحیم
سه‌رچاوه : كتێبی به‌ندایه‌تی / ماموستا ناصری سوبحانی
ئه‌زانین كه خوای گه‌وره كاری نابه‌جێ ناكات ، حه‌كیمه ، هه‌ر كارێ ئه‌یكا به‌جێ ئه‌یكا ، كاری بێ هووده ناكا ، كه‌وابوو ناكرێ ئینسانی خه‌لق كردبێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و كه‌ماڵ و ته‌واو بوون بچێ و ، ئه‌و هه‌موو ئیمكانات و نیعمه‌تانه‌شی له‌به‌ر ده‌ستیا دانا بێ ، دواییش لێی نه‌پرسێته‌وه : ئه‌رێ چیت كرد ، چیت نه‌كرد ؟! ئه‌بێ رۆژێك ببێت خوای خاوه‌نی ئینسان ، بانگ بكاته ئینسان و لێی بپرسێته‌وه كه : چۆن ئیستفاده‌ت كرد له‌م ئیمكاناته ؟! چۆن كه‌ڵكت وه‌رگرت له‌م نیعمه‌تانه ؟! خۆ من هه‌روا به هه‌وانته ئه‌وانه‌م پێ نه‌دابووی ، هه‌ر چۆن كه خۆت گه‌ره‌كت بێ كه‌ڵكیان لێ وه‌رگری ؟! ئه‌و نیعمه‌ت و ئیمكاناته ، بۆ ئه‌وه پێم دای به‌ره‌و كه‌ماڵ برۆی ، پێیان بگه‌ی به‌وه‌ی حه‌ق و باتڵ و خێر و شه‌ر له‌یه‌ك جیا بكه‌یته‌وه ، رێگای حه‌ق بگری و به‌رێگای حه‌قا برۆی ، رێگای خێر بگری و له‌رێگای شه‌ر و باتڵ ده‌ستبه‌ردار بی ، وات كرد یا نه‌تكرد ؟
دیاره خاوه‌نی ئینسان ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه به‌سه‌ر ئه‌م ئینسانه‌دا ، سه‌ره‌نجام و عاقیبه‌تی ئینسان له ده‌ستایه‌تی ، له‌ده‌ستی ده‌رناچێ ، ئه‌بێ برواته‌وه به‌رده‌ستی و ، موحاكه‌مه‌ی بكا ، لێی بپرسێ ، چۆنیش وه‌ڵام ئه‌داته‌وه ئاوا جه‌زاو پاداشتی بداته‌وه ، ئا لێره‌وه له‌وه‌ش تێده‌گه‌ین كه خوا ده‌سه‌ڵات داره‌و سه‌ره‌نجام و عاقیبه‌تی ئینسان له ده‌ستیایه‌تی ، هه‌روه‌ك خه‌ڵك ئه‌ڵێن كۆنترۆڵی ئینسان و چاره‌نوسی له ده‌ستیایه‌تی و له‌ده‌ستی ده‌رناچێ ، هه‌روه‌ك له سووره‌ی فاتیحه‌دا دوای ئه‌وه‌ی ئه‌فه‌رموێ : (الرحمن الرحیم ) ئه‌فه‌رموێ : ( مالك یوم ا‌لدین ) ساحێبی ئه‌و رۆژه‌یه كه جه‌زاو پاداشت ئه‌داته‌وه به ئینسان ، به‌پێی ژیانی دونیای ، جا وه‌ختێك ئاوا خوامان ناسی ، دیاره هه‌موو گیانمان پر ئه‌بێ له ترس ...
ئه‌بێ ئینسان وای لێ بێ له هه‌موو ژیانیا ، له ئیستفاده كردنی له‌هه‌ر كام له‌م نیعمه‌ت و ئیمكاناته بترسێ ، نه‌بادا جۆرێك كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرێ كه خوا پێی خۆش نه‌بێ ، ئه‌بێ له‌بیری بێ له دواییدا لێی ئه‌پرسنه‌وه كه چۆن ئیستفاده‌ت لێ كردووه ؟!
كه‌وا بوو ئه‌بێ هه‌ر له ئێستاوه جواب حازركا بۆ ئه‌و رۆژه ، ئه‌بێ هه‌ر له ئێستاوه وه‌ختێ خه‌ریكه ئیستفاده ئه‌كا له ئیمكانات و نیعمه‌ته‌كان ، له‌بیری بێ دوایی سوئالی لێ ئه‌كه‌ن ، ئه‌بێ جوابێكی دروستی ببێ ، ئه‌بێ جوابی ئه‌وه بێ : به‌و جۆره كه‌ڵكم لێ وه‌رگرتن كه خۆت فه‌رمووت ، به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی خۆت ناردت ، له‌چاوم ، له‌گوێم ، له زبانم ، له قه‌لبم ، له ده‌ستم ، له پێم ، له زاهیرم ، له باتینم ، له هه‌رچیه‌ك كه پێت دابووم ، ئاوا كه خۆت فه‌رمووت ئیستفاده‌م كرد ، له چاوم بۆ ئه‌وه ئیستفاده‌م كرد كه سه‌یری مه‌خلوقاتی تۆی پێ بكه‌م ، كه تۆی باشتر پێ بناسم ، له گوێم بۆ ئه‌وه ئیستفاده‌م كرد خێری پێ ببیستم ، به‌رنامه‌ی هیدایه‌تی تۆی پێ ببیستم ، رێی خێر و شه‌ر له‌یه‌ك جیا بكه‌مه‌وه ، له زبانم بۆ ئه‌وه ئیستفاده‌م كرد یا بپرسم بۆ ئه‌وه‌ی كه نایزانم تا فێری بم ، یا ئه‌وه‌ی ئه‌یزانم بیڵێم به‌خه‌ڵك ، له‌دڵم بۆ ئه‌وه ئیستفاده‌م كرد كه عه‌قیده و بیروباوه‌ر به‌تۆی تیا بێ ، بیر‌و بروا به غه‌یری تۆ تێیدا جێی نه‌بێته‌وه‌و ده‌ریكه‌م ، له ده‌ست و پێشم ، یا هه‌ر ئه‌ندامێك له ئه‌ندامه‌كانی تری به‌ده‌نم ، بۆ ئه‌وه ئیستفاده‌م كرد كارێكی پێ بكه‌م كه تۆ فه‌رمووته ، هه‌روه‌ها له نیعمه‌ت و ئیمكاناتێكیش كه‌له‌م جیهانه‌داله ده‌سره‌سما قه‌رارت دابوون ، هه‌ر بۆ ئه‌وه ئیستفاده‌م كرد ... وه‌ختێ سواری ماشێن و سه‌یاره ئه‌بووم ، وه‌ختێ جلێكم ئه‌كرده به‌ر ، وه‌ختێ خۆراكێكم ئه‌خوارد ، وه‌ختێ له ده‌واو ده‌رمانێ ئیستفاده‌م ئه‌كرد ، وه‌ختێ له هه‌ر ئیمكاناتێ سوودم ئه‌بینی ، بۆ ئه‌وه بوو ساغ و سه‌لامه‌ت بم ، توانای ئه‌وه‌م هه‌بێ بتوانم له‌رێگای به‌نده‌یی تۆ دا هه‌نگاو هه‌ڵبگرم ، زیاتر به‌ره‌و پێش برۆم ، باشتر ئه‌دای مه‌سئولیه‌ت بكه‌م .
به‌راستی ئینسان رۆژێك دێته پێشی كه تیایدا ئه‌كێشرێته مه‌حكه‌مه‌و دادگای خوا‌و ، لێی پرسیار ئه‌كرێ : چیت كرد و چیت نه‌كرد ؟ ئه‌بێ هه‌ر له ئێستاوه ئاوا بژی كه خوا ئه‌یه‌وێ تا له‌و رۆژه‌دا جوابی ببێ .
به‌جۆرێكی تر بڵێین : ئه‌بێ ئیمانی به (قیامه‌ت) ببێ . ئیمان نه ته‌نها به‌و مانایه كه بزانێ قیامه‌ت هه‌یه ... ئه‌وه نابێته ئیمان ، ئه‌گه‌ر ئینسان ده‌نگ و باسه‌كانی قیامه‌ت و به‌هه‌شت و جه‌هه‌ننه‌م ئاگادار بێ و بزانێ قیامه‌ت چۆن ده‌ست پێ ئه‌كاو چی تیا روو ئه‌دا ، به‌هه‌شت و جه‌هه‌ننه‌م چۆنن و له‌هه‌ر كامیانا چی هه‌یه‌و چی نیه ؟ هه‌موو ئه‌وانه بزانێ ، یه‌قینیشی ببێ ، ئه‌وه هیچ ده‌ردی ناخواو ، پێی ناوترێ ئیمان ، مه‌گه‌ر شتێكی تر كه ئێستا به‌یانی ئه‌كه‌ین له‌گه‌ڵی بێ ، ئه‌ویش بریتیه له هه‌ست به لێپرسراوێتی (ئیحساسی مه‌سئولییه‌ت) ، ئه‌بێ ئه‌وه له ده‌روونیا دامه‌زرێ ، هه‌روه‌ك له پێشا وتمان ، وای لێ بێت كه‌له هه‌ر یه‌ك له‌و ئیمكانات و نیعمه‌تانه ئیستفاده ئه‌كا ، له‌بیری بێ كه خوا سوئالی لێ ئه‌كا ، وه‌ختێ ئاوا بوو به‌و جۆره‌ی لێ دێ كه خۆی فه‌رموویه‌تی .