ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆكه‌دا ده‌یخوێنیته‌وه، له‌واقعی خۆمان و له‌شاری سلێمانی ڕوویداوه، دایكێك له‌پێناوی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كچه‌كه‌یدا ئاماده‌یه جوانترین به‌خششی خودایی كهبیناییه بكاته قوربانی له‌پێناویدا، چونكه خه‌م و ئازار ڕووی تێكردوه، وتم ئه‌وه‌ی نوسراوه به‌سه‌رهاتی واقعی ئه‌م دایكه‌یه كه‌ده‌لێ: "كچه‌كه‌م له‌پێشتره له‌چاوه‌كانم".
هه‌موو به‌یانییه‌ك زوو پێش ئه‌وه‌ی كه‌س له‌خه‌و ڕابێ كچه بچكۆله‌ی ماڵ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستا سه‌موونی گه‌رمی ده‌كڕی نانی به‌یانیانی ئاماده ده‌كرد و یارمه‌تی دایهگیانی ده‌دا، دوایی ده‌كه‌وته ڕێ به‌ره‌و قوتابخانه، باوكی ده‌یوت: ڕۆڵه‌گیان به‌ڕاستی ئه‌م زوو هه‌ستانه‌ت كارێكی زۆر جوانه و پێویسته ده‌ستخۆشی بكرێیت ئه‌زیزه‌كه‌م خوا تۆ له‌ئێمه نه‌سێنێت، نان ئامادهكردنهكهت جێی خۆشحاڵیمانه..
ئه‌م كچه خنجیلانه‌یه تا گه‌یشته پۆلی سێی ناوه‌ندی له‌مكاره به‌رده‌وامبوو ...
هه‌تا ڕۆژێك سه‌فه‌رێكمان بۆ هاته پێشه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌مدا ماڵه‌كه‌مان به‌جێ هێشت, بێخه‌م له‌وه‌ی كه‌كێ ده‌بێته كه‌یبانوی ماڵ, چونكه جێگه‌ی دایه خاڵی نییه, ئاخر كچه خنجیلانهكهمان سه‌ربه‌رزی كردبووین..
هه‌رچه‌ند ده‌كرێت گه‌وره‌یه‌ك وه‌ك سه‌رپه‌رشتی ماڵ ئاگادار بێت, دایكم كه‌ته‌مه‌نێكی هه‌بوو دنیا دیده و لێهاتووبوو له‌ناو منداڵه‌كاندا مایه‌وه تادهچوون بۆ قوتابخانه و ده‌گه‌ڕانه‌وه چاوی لێیانبوو.
كه له‌سه‌فه‌ر گه‌ڕاینه‌وه منداڵان ده‌وریان لێداین و هه‌ركه‌س باس و به‌سه‌رهاتی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆمان ده‌كرد كه له‌وێ نه‌بووین.
هه‌ستم ده‌كرد كهمنداڵهكان بۆڵه بۆڵ و گله‌یی له‌ئاست خوشكه‌كه‌یان ده‌كه‌ن كهههڵسوكهوت و مامه‌ڵه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامان بووه, چونكه ئه‌وه‌ی بیرمان لێنه‌ده‌كرده‌وه ئه‌وه‌بوو، ورده ورده لهههوڵدابووم تا بزانم ئه‌وه‌ی مناڵه‌كان ده‌یڵێن ڕاسته یان نا.. بۆیه جار جار فرسه‌تم ئه‌هێناو ده‌موت: ڕۆڵه چیت كردووه؟! ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه له‌وێ نه‌بووین چیت خوێندووه؟ نمره‌كانت چۆنن؟ جار جار باوه‌شم پێدادهكرد و ده‌موت: كچی خۆم ده‌زانی چه‌نده تۆم خۆش ده‌وێت, به‌ڕاده‌یه‌ك لهخوشك و براكانت زیاتر, به‌ڵام با نه‌زانن نه‌وه‌ك پێیان ناخۆش بێت.
به‌ڵێ، ئه‌مه سه‌ره‌تای ڕێگه‌كه‌م بوو ده‌مویست بزانم بۆ؟! پاشان كه‌وتمه چاودێریكردن به‌شه‌و و به‌ڕۆژ، پرسیارم له‌كچه گه‌وره‌كه‌م ده‌كرد, كاتێ كه‌ده‌چنه ژووره‌كه‌ی خۆیان چی ده‌كات و هه‌ڵسوكه‌وتی چۆنه؟! ئه‌ویش چی هه‌بوایه بۆمی باسده‌كرد، كچه گه‌وره‌كه‌م تێگه‌یشتوو بوو هه‌میشه ده‌یوت: دایه چه‌ندین جار ئامۆژگاریم كردووه, به‌ڵام گوێم بۆ ناگرێت، ئه‌وه‌ی كه‌زۆر جێگه‌ی سه‌رنج بوو مۆبایله‌كه‌ی بوو كه زۆر نامه‌ی بۆ ده‌هات، زه‌نگی بۆ ده‌هات ده‌چووه ده‌ره‌وه و وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه و ژماره‌ی نهێنی له‌سه‌ر مۆبایله‌كه‌ی دانابوو..
بۆیه ئه‌مه بوو به‌خولیای نێو مێشك و شه‌و و ڕۆژم پێكه‌وه گرێ دا‌و ده‌مویست كه‌س نه‌زانێ چییه؟! به‌ڵكو خۆم سه‌ره داوێكم ده‌ستبكه‌وێت و لێی بكۆڵمه‌وه، هه‌میشه وه‌ك هاوڕێ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان هه‌ڵسوكه‌وتم ده‌كرد و له‌سه‌ر سفره و نانخواردن به‌ناڕاسته‌وخۆ باسم له‌وه‌ده‌كرد, چۆن لێره و له‌وێ ده‌بیستین و ده‌بینین كه‌چۆن كوڕان كچان ده‌خه‌ڵه‌تێنن و ده‌یان خه‌نه داوی خۆشه‌ویستی بێ ماناوه و سه‌رئه‌نجامێكی ناخۆش و كۆتاییه‌كی بێبه‌رهه‌می لێده‌كه‌وێته‌وه و ده‌بێته درۆ، به‌ڵكو ڕێگه چاره بدۆزمه‌وه له‌گه‌ڵیاندا, هه‌میشه له‌هه‌وڵدام خێزانه‌كان به‌خته‌وه‌ر بن، ئه‌م باس و خواسانهی من هیچ كاریگه‌ری نه‌بوو له‌سه‌ر كچه‌كه‌م، ته‌نها وشه‌یه‌كم له‌لا بدركێنێت, ناچار هه‌وڵمدا ڕێگه چاره‌ی تر به‌كاربهێنم، شه‌وانه بهمۆبایلهكهی خۆم ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌كرد, ده‌مزانی لهپهیوهندییایه له‌گه‌ڵ كه‌سی تر قسه ده‌كات, چه‌ند جار به‌رده‌وامبووم حاڵ هه‌ر وه‌ك خۆی بوو، ناچار كچه‌كه‌م بانگ كرد و وتم شنه گیان ئه‌وه ماوه‌یه‌كه شه‌وانه ته‌له‌فۆن ده‌كه‌م بۆ مۆبایله‌كه‌ت تا بێیته خواره‌وه كه‌چی هه‌ر په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵه, ئه‌زیزه‌كه‌م ده‌كرێت پێم بڵێیت چی بووه؟
وتی: دایه‌گیان ئه‌وه هاوڕێكهمه, پرسیار له وانه و تاقیكردنه‌وه ده‌كه‌ین، هیچم نه‌وت، چونكه حه‌زم نه‌كرد ڕاسته‌وخۆ شتێك بڵێم نه‌وه‌ك په‌نا به‌رێته به‌ر كه‌لله ڕه‌قی، كچه‌كه‌ی ترم كه له‌و بچوكتره با‌نگم كرد و پێم وت: شه‌وانه بزانه شنه چی ده‌كات؟ ئه‌ویش تهسجیلێكی هێناو به‌بێ ئاگایی له‌كاتی قسه‌كردندا قسه‌كانی تۆماركرد, به‌بێ ئه‌وه‌ی كه شنه ئاگای لێبێت چونكه له‌كاتی قسه‌كردندا ده‌چووه ژوورێكی تر قسه‌ی ده‌كرد, خۆشی به‌نهێنی چاودێری كردبوو، كاتێك گوێم لهتهسجیلهكه گرت زانیم كه‌ئه‌مانه قسه‌ی نێوان دوو هاوڕێ نین، واته دوو هاوڕێی كچی هاو پۆل، هه‌ر خۆم گرت و هیچم نیشان نه‌دا، تا زیاتر دڵنیابم له‌ڕاستی و دروستییه‌كه‌ی، سه‌یرم كرد رۆژانه توڕه ده‌بێت ئیشی ماڵ ناكات نان ده‌خوات و ده‌ڕوا بۆ ژووره‌كه‌ی خۆی تا سه‌عی بكات, ههستیكردبوو كه بهشتێكمان زانیوه و قسه ناكه‌ین، تا وای لێهات شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موویان ده‌كرد, منداڵه‌كانیش لۆمه‌ی منیان ده‌كرد، كه ئه‌و چی ده‌كات و چی ناكات به‌ئاره‌زووی خۆیه‌تی و تۆ هیچ ناڵێیت، ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ك ئه‌ومان بكردایه چیت پێده‌وتین؟
من خۆم ده‌زانم كوێم دێشێ! به‌ڵام منداڵه‌كان لێم تێناگه‌ن, پاشان ده‌ترسام له‌وه‌ی كه‌ئه‌گه‌ر هه‌لوێستێكی توندوتیژ بگرمه به‌ر، یان توڕه ببم و سه‌ر بخه‌مه سه‌ری په‌نا بۆ هه‌ڵه‌كردن به‌رێ و په‌نا بباته به‌ر خۆكوژی و خۆسوتاندن، چونكه عاده‌ت و چاولێكه‌رییه، ترسام له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵه‌و ته‌مه‌نه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كهههڵچونهكانی جێگیر نین، خۆ من هه‌ر كه لهسهفهرهكه گه‌ڕامه‌وه زانیم كه شنه چه‌ندێ هه‌ڵسوكه‌وتی گۆڕاوه؟! به‌ڵام هه‌رده‌بوایه به‌م جۆره كات بگوزه‌رێت, ناچار له‌پێناوی ڕاگرتنی هاوسه‌نگی نێوان منداڵه‌كان و له‌ویش قورس‌تر ئه‌وه بوو كهئارامیم كزبوو، با‌نگم كرد ڕاسته‌وخۆ قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م, له‌سه‌ره‌تادا كۆمه‌ڵێ ئامۆژگاری باشم كرد و هه‌ندێ قسه‌ی تر به‌ڵكو شنه شتێك بڵێ, به‌ڵام بێ‌سود بوو، بۆیه منیش وتم كچی خۆم پێم‌خۆش نییه قسه بكه‌م, به‌ڵام ناچارم ده‌كه‌م. له‌به‌رئه‌وه گه‌ر به‌دایكی خۆتم ده‌زانی ده‌مه‌وێت وه‌ك هاوڕێ بدوێین نه‌ك دایك، ده‌مه‌وێت یارمه‌تیت بده‌م به‌ڵام به‌مه‌رجێ درۆم له‌گه‌ڵ نه‌كه‌یت. ڕاستییه‌كه‌م پێ بڵێ سوێند بێت به‌خوا یارمه‌تیت ده‌ده‌م.
وتم شنه ڕاست بڵێ دڵت به‌كه‌سه‌وه نییه؟ شنه شه‌رمی كرد‌و هیچی نه‌وت، كچم ڕاستیم پێ بلێ به‌ڵكو یارمه‌تیت بده‌م، وتی به‌ڵێ دایه‌گیان دڵم به فڵانه كوڕهوهیه، ئینجا به‌ته‌واوه‌تی تێگه‌یشتم و كه‌وتمه ئامۆژگاری كردنی, به‌ڵام هه‌ر سووربوو له‌سه‌ر بۆچوونه هه‌ڵه‌كه‌ی خۆی، ته‌نانه‌ت وتی: هه‌رگیز واز ناهێنم و له‌به‌رنامه‌ی مندا نییه واز هێنان له‌و كوڕه.
وتم: كچم من نامه‌وێت واز بهێنیت, به‌ڵام پێویسته له‌یه‌كتر تێبگه‌ین تا یارمه‌تیت بده‌م. ئیتر كه‌وتمه پرسیاركردن ئه‌ویش ڕاستی مه‌سه‌له‌كه‌ی پێوتم، له‌پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌له بقۆزمهو و بگهمهچارهسهر، ئه‌م ههڵوێستهییم به‌رزنرخاند و هه‌میشه له‌نێو منداڵه‌كاندا ده‌موت شنه‌م بۆیه خۆش ده‌وێت، چونكه ڕاستگۆیه‌و هه‌رچی بێت ڕاستهییهكهی دهڵَێت، ڕۆژانه ده‌كه‌وتمه پرسیار لێی، پرسیم تۆ له‌كه‌یه‌وه ئه‌م كوڕه‌ت خۆشده‌وێت؟! چۆن ناسیوته؟ بۆ ئێمه نه‌مانزانیوه؟!
ئه‌ویش كه‌وته گێڕانه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه و وتی: كاتێك كه له‌یه‌كی ناوه‌ندی بووم، هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌چوم بۆ سه‌موون هه‌ستم ده‌كرد كوڕێكیان زۆر سه‌یرم ده‌كات, منیش قسه‌م نه‌ده‌كرد تا چه‌ند جارێك ژماره‌ی مۆبایله‌كه‌ی خۆی هه‌ڵدایه به‌ر ده‌مم، منیش له‌به‌رچاوی چه‌ند جارێك دڕاندم بۆ ئه‌وه‌ی وا نه‌كات, به‌ڵام بێسوود بوو، تا جارێ ژماره‌كه‌م هه‌ڵگرت له‌لای خۆم نووسیم, هه‌ر ته‌له‌فۆنم بۆ نه‌كرد دوای دوو ساڵ ئیتر پێم شه‌رم بوو بچم بۆ سه‌موون بۆیه برا بچوكه‌كه‌م ههڵئهستاند و ئه‌وم ده‌نارد, ئیتر ئه‌و كاته‌ی ئێوه له‌سه‌فه‌ر بوون شه‌وێكیان بیرم كه‌وته‌وه وتم: ئێستا ته‌له‌فۆن ده‌كه‌م بزانم ئه‌و كوڕه چی ده‌وێت؟ كهتهلهفۆنم كرد هه‌موو جارێ ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كردم و نامه‌ی بۆ ده‌ناردم، منیش له‌وه‌وه خۆشم ویست.
به‌بێ ئاگایی ئێمه نه‌چوویته ده‌رێ له‌گه‌ڵی؟
وتی نه‌خێر هه‌رگیز بیرم له‌وه نه‌كردۆته‌وه, به‌ڵام ڕۆژێك له‌به‌ر ده‌رگاوه تێپه‌ڕی و زه‌رفێكی بۆ هه‌ڵدام كهكردمهوه دیارییه‌كی تیا‌بوو منیش زۆرم پێجوان بوو هه‌ڵم گرت و هه‌ر جارێ بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بچومایه له‌ملم ده‌كرد. كهدهتپرسی ئه‌و شته جوانه‌ت له‌كوێ بوو منیش ده‌مووت هی ڕهفیقێكمه، دوای ته‌وابوونی قسه‌كانی زۆرم ئامۆژگاری كرد، زۆرم وت: كچم تۆ منداڵی تۆ خوێندنت له‌پێشه تۆ نازانی باوكت به‌مكاره ڕازی نابێت و هیچ كه‌سێك ئه‌وه‌ی پێپه‌سه‌ند نییه، ئه‌مانه‌و چه‌ندینی تر ڕۆژگار تێپه‌ڕی نه‌متوانی ده‌ستی پێههڵگرم تا وای لێهات خه‌و و خواردنم نه‌ما پشوودان له‌ناو ده‌روونمدا نه‌ما, چونكه هه‌رگیز چاوه‌ڕێ نه‌بووم كه‌شتێكی وا ڕووبدا له‌منداڵه‌كانم و چاره‌سه‌ریم لێمهحاڵ بێت. ڕۆژانه تووڕه ده‌بووم له‌كچه گه‌وره‌كه‌م به‌بێ هۆ چونكه له‌ڕاستیدا من له‌گه‌ڵ شنه‌م بوو تا هه‌ست بكات.
ڕۆژێكیان شنه مۆبایله‌كه‌ی له‌بیرچووبوو كهڕۆشتبوو بۆ قوتابخانه, ژماره‌ی نهێنی له‌سه‌رنه‌بوو كاتێك بینیم زیاد له300 كورته نامه‌ی تێدابوو كه‌بۆی هاتبوو وه‌ڵامی دایه‌وه چ نامه‌یه‌ك؟ شه‌رمم له‌خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كان ده‌كرد، تا ناچار هه‌ندێك لهنامهكانیم سڕییه‌وه كه‌زانی نامهكانیم بینیوه زۆری پێ‌ناخۆش بوو منیش ئه‌مجاره كه‌وتمه سه‌رزه‌نشتكردنی و توڕه‌بوون لێی, ده‌یوت: تۆ وتت یارمه‌تیت ده‌ده‌م ئه‌مه یارمه‌تی دانه؟! وتم: ئێسته‌ش سوورم له‌سه‌ر یارمه‌تی دانت تا واز له‌مكاره هه‌ڵه‌یه‌ت بهێنی, ئه‌ویش ده‌یووت كه‌یفی خۆتانه من واز ناهێنم ئه‌و كوڕه‌ش ئاماده‌یه بێته لای باوكم باوكیشم ڕازی نه‌بێت، هه‌ر خۆشم ده‌وێت و وازی لێناهێنم، له‌ڕاستیدا ئه‌م قسانه زۆر ماندوویكردم, ناچار هه‌وڵمدا كێشه‌كه لای باوكی باس بكه‌م تا بهههردووكمان ڕێگه چاره‌یه‌ك بدۆزینه‌وه‌و هه‌ردووكمان ڕامان هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كهپرس و ڕا به‌كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا بكه‌ین تا چاره‌یه‌كمان بۆ دانێن له‌ڕێگه‌ی پهیوهنیكردنمان به‌كه‌سانی شاره‌زا ڕێگه‌یه‌كیان بۆ داناین كه‌ئه‌ویش ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی كه‌سێكه‌وه بێت بێجگه له‌خۆتان، بۆیه په‌نام برده به‌ر برایه‌كم كه‌باوكی پێی باش بوو شنهیش زۆری خۆش ده‌ویست بۆیه ئاگادارمكرد كه‌به‌زووترین كات بێته لای من، به‌ڵام با كه‌س نه‌زانێت, زۆر گریام زۆر دڵم پڕبوو, باسه‌كه‌م بۆكرد ئه‌ویش زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروستبوو زۆری پێناخۆشبوو. منیش شنه‌م ئاگادار كرده‌وه كه‌هه‌موو شتێكم بهخاڵت وتوه كه‌بینیم زۆرلای ئاساییه‌و وتی: جا چییه با بزانێت؟! ئیتر من وازم لێهێنا زانیم به‌بیستنی قسه‌كانم پهستهو گوێم بۆ ناگرێت، باوكیشی وای پیشان ده‌دا كهئاگای له هیچ نییه. پاش چه‌ند ڕۆژێك براكه‌م بڕیاریدا له‌گه‌ڵ شنه چه‌ند جارێك چوونه ده‌ره‌وه, ئیتر ههرچیبوایه ئاگاداری ده‌كردم و هه‌میش ده‌یووت ئه‌م كێشه‌یه وا به‌ئاسانی چاره‌سه‌ر ناكرێت, چونكه ناتوانێ به‌ئاسانی ده‌ستی لێهه‌ڵگرێت، بۆیه به‌ژیرانه قسه‌ی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه كرد و چه‌ند مه‌رجێكی بۆ دانابوو كه‌ئه‌گه‌ر توانی خوێندن ته‌واو بكات و هه‌موو پێداویستیه‌ك جێبه‌جێ بكات و تاكاتی خۆی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به‌م كچه‌وه نه‌كات، ئه‌وا ئێمه ئاماده‌ین حسابێك بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بكه‌ین، به‌ڵام كوڕه هه‌ر سووربوو له‌سه‌ر ئاماده‌یی خۆی هه‌رچی بڵێن, به‌ڵام خوێندنم بۆ ته‌واوناكرێت, چونكه تا شه‌شی سه‌ره‌تایی خوێندبوو، پاشان داینان به‌ئاگاداری خۆی هه‌فته‌ی جارێك قسه‌یان ده‌كرد به‌ته‌له‌فۆن، ڕۆژگار تێپه‌ڕی من و باوكی له‌ناو گێژاو و غه‌م و په‌ژاره‌دا ئهتلاینهوه, چونكه هه‌رگیز چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌نه‌بووین كه‌ڕوویدا, خه‌ڵكی ده‌مان ناسن ده‌بێت چیمان پێبڵێن؟! به‌ڵێ كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی خه‌و و خۆراكم غه‌م و په‌ژاره‌و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌نده‌بێت كه له‌و كێشه‌یه ڕزگارم بێت، بۆیه توشی نه‌خۆشی هاتم به‌شێوه‌یه‌ك كهسهرئهنجامی له‌ده‌ستدانی چاوێكم بوو به‌هۆی ئازاری زۆری سه‌رمه‌وه، تا وای لێهات پزیشكه‌كان پێمیان وت: كه‌تۆ مێشكت زۆر ماندووه ئه‌گه‌ر ئیسراحه‌ت نه‌كه‌یت چاوه‌كه‌ی تریشت له‌ده‌ست ده‌ده‌یت، له‌ڕاستیدا ئه‌مه زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌رم هه‌بوو كه‌گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵ ڕاسته‌وخۆ شنه‌م بانگ كرد و پێم وت: كچم له‌ده‌ستدانی چاوێكم سه‌رئه‌نجامی كاره هه‌ڵه‌كانی تۆ و خه‌م و خه‌فه‌تم بوو بۆ تۆبوو, به‌ڵام دیاره تۆ باكت نییه له‌به‌رئه‌وه كه‌ی من مردم و باوكت مرد, ئیتر بێخه‌م به‌و كه‌س ڕێگریت ناكات ئاواته‌كه‌ت جێبه‌جێ بكه‌و هه‌موومان بكه به‌قوربانی خۆشه‌ویسته‌كه‌ت. براكه‌مم له‌قسه‌ی پزیشكه‌كه ئاگادار كرده‌وه و وتم: ناتوانم چیتر به‌رگه‌ی ئه‌م چاوه‌ڕوانییه بگرم ناتوانم له‌وه زیاتر ئازار بچێژم له‌پێناوی چیدا من خێزانه‌كه‌م په‌رته‌وازه و بێشیرازه ببێت؟ چی بكه‌م له‌وه‌زیاتر ناتوانم به‌رده‌وامبم منیش ئارامم نه‌ما، براكه‌م زۆری پێ‌ناخۆش بوو، وتی: بڕۆ پشوو بده، ئیتر شنه‌و براكه‌مم جێهێشت له‌ژووره‌كه‌ی خۆی، پاش چه‌ند سه‌عاتێك براكه‌م هاته خواره‌وه و وتی بڕۆ شنه ئیشی پێته، كهڕۆشتمه ژووره‌وه بینم كه شنه ده‌گری و توند باوه‌شی پێداكردم و گریا، زۆر گریا به‌شێوه‌یه‌ك كه‌نه‌یتوانی قسه بكات، دوایی وتی: دایه‌گیان به‌ڵێن بێت وازبهێنم له‌به‌ر خاتری تۆ له‌هه‌موو ئه‌و شتانه واز بهێنم كه‌تۆ بوویته قوربانی و باجی ئه‌و هه‌ڵه‌یه تۆ ده‌یده‌یت كه‌ده‌بوو من بیده‌م, هه‌رچه‌نده ئێستاش من باجه‌كه‌ی ده‌ده‌م كه ئه‌ویش له‌ده‌ستدانی دیده‌كانی تۆیه, توخوا بمبوره. به‌ڵێ ئه‌م وشانه ناوه‌ڕۆكی فرمێسكه‌كانی شنه بوون، ئه‌وه‌نده‌ی لهتهماشایاندا تێیگه‌یشتم، منیش كه ئه‌مه‌م بینی و بیست توند گوشیم به‌خۆمه‌وه و وتم: نا ڕۆڵه‌گیان سوێند به‌خوا چاوه‌كه‌ی تریشم له‌ده‌ستبده‌م لام خۆشتره كهبهدبهختی و بێچاره‌یی كچه‌كه‌م ببینم, ڕۆڵه‌گیان من دایكم, دایك هه‌میشه ده‌سووتێت له پێناو به‌رچاو ڕۆشنی ڕۆڵه‌كانیدا, به‌ڵام چیبكه‌م كه‌ئه‌وه ڕوویداو دره‌نگ به‌هۆش هاتی، ئێستاش گرنگ ئه‌وه‌یه كه‌من هه‌ر چه‌نده چاوێكم له‌ده‌ستدابێت, هه‌ر سوپاسی خوا ده‌كه‌م كه‌كچه ههرزهكارهكهم لهدهستنهداو توانیم به‌یارمه‌تی خوا بیگێرمه‌وه, بۆیه به‌یه‌ك جاری بڕیاریدا بگه‌ڕێته‌وه و تۆبه و په‌شیمانی بخوازێت له‌په‌روه‌ردگاری، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ش كهچهندێ بوو تێیكهتبوو، بكاته په‌ندو ئامۆژگاری بۆ هاوڕێ و ده‌سته خوشكانی خۆی تائه‌وانیش هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن و ده‌روازه‌ی خۆشه‌ویستیه‌كی بێبناغه‌و خه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بۆ خۆیان و خێزانه‌كانیان واڵا نه‌كه‌ن و خوێندن‌و كاروخۆشهویستی و په‌یوه‌ندی نێوان هاوڕێ و خوشك و براو دایك و باوكیان پته‌وتر و به‌تین بكه‌ن تا بهخۆشهویستانهو هۆشمه‌ندانه كاروپڕۆژهكانی دواڕۆژ بنیاد بنێین.
تێبینی: شنه ناویكی خوازراوه‌و ناویی راسته‌قینه نییه.